چاوپێكەوتنی پەرەگراف لەگەڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق

30-04-2018 05:10

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دڵنیایی دەدات كە هیچ لایەنێك ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە كێ داوەو هیچ كەسێكیش ناتوانێت زیاتر لە جارێك دەنگ بدات، دوای پڕۆسەكە پەنجەمۆری سەرجەم دەنگدەران بەراورد دەكرێن‌و هەر كەسێك پەنا بۆ زیاتر لە جارێك دەنگدان ببات دەدرێتە دادگا.

 

ڕزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف تیشكدەخاتەسەر وردەكاریی پڕۆسەی دەنگدان‌و ڕێكارەكانیان بۆ ڕێگریی لە ساختەكاری‌و پیسكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق(12-5).

 

لە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە لە چەند فەرمانگەو دامەزراوەیەك داوای وێنەیەكی كارتی دەنگدان لە دەنگدەران كراوە وەك ترساندنێك بۆئەوەی دەنگیان كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت"هیچ لایەنێك ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لایەنێك داوە."

 

ڕزگار حەمە محێدین، دەربارەی داواكردنی وێنەیەكی كارتی دەنگدان لەلایەن هەندێك لایەنەوە، وتی"ئاگاداری ئەوەنین. وەرەقەی دەنگدان هیچ پەیوەندی نییە بە كارتی دەنگدانەكەوە، نزیكەی 28 ملیۆن وەرەقەی دەنگدانمان چاپ كردووە، هیچ پەیوەندییەك نییە لە نێوان وەرەقەكەو كارتی دەنگدانەكە."

 

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەوەی خستەڕوو، كارتی دەنگدان تەنها بۆ وردبینیكردنەو لە پڕۆسەكەدا دەنگدەر دەچێتەلای فەرمانبەری وردبینی‌و كارتەكەی پیشاندەدات، لەو ڕێگایەوە ناوی سیانی‌و وێنەو دەموچاوی دەنگدەر دەناسرێتەوەو پەنجەمۆری وەردەگیرێت، پاشان ڕێگای پێدەدرێت دەنگ بدات.

 

"هیچ كەسێك بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دووجار دەنگ بدات، چونكە ئەو كارتەی دەنگدەر پێیەتی تەنها یەكجار كاردەكات جاری دووەم لە هەر شوێنێك بڕوات كارتەكەی داخڵ بكات یەكسەر ئامێرەكە پێی دەڵێت تۆ لە كاتژمێرو دەقەو سانیەی ئەوەندە دەنگت داوە، ئەمە بۆ كارتە كۆنەكەو كارتی بایۆمەترییەكەشەو هەمان بەرنامە بۆ هەردوكیان دانراوە" ڕزگار حەمە محێدین وای وت.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و دوور لە ساختەكاری، ئەمساڵ بە سیستمی ئەلیكترۆنی پڕۆسەكە بەڕێوەدەبات، سندوقی زیرەك بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان‌و وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو پڕۆسەكە بە دەستی مرۆڤ ئەنجام نادرێت.

 

وەك ڕزگار حەمە محێدین باسیدەكات، هیچ دەنگدەرێك بەبێ وەرگرتنی پەنجەمۆر ناتوانێت دەنگ بدات، سەرجەم پەنجەمۆرە وەرگیراوەكانیش دواتر بەراورد دەكرێن بۆ دەركەوتنی دەنگدانی دووبارە ئەگەر هەبێت، وتی"بەراوردی پەنجەمۆرەكان لە ماوەیەكی زۆر كورت وابزانم 72 كاتژمێرە، بەراوردی سەرجەم پەنجەمۆرەكان دەكرێت لە هەر وێستگەیەكی دەنگدان ئەگەر لە سەدا 25ی پەنجەمۆرەكان وەكویەك وابوون ئەو سندوقە دەسوتێنرێت‌و دەنگەكانی ئەژمارناكرێت هەركەسێكیش دووجار پەنجەمۆری دەربكەوێت دەدرێتە دادگاو حوكم دەدرێت."

 

دەنگدەر پێویستە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری(ئەگەر كردبووی) یاخود ئەو كارتەی پێبێت كە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پێداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەڵگەیەكی دیكەی پێبێت كە عێراقی بوونی بسەلمێنێت، ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات.

 

دەنگدەر مۆرێکی تایبەت بەكاردەهێنێت بۆ دەنگدان كە لە شێوەی قەڵەمێكدایەو سەری مۆرەکە بریتییە لە لۆگۆی کۆمسیۆن لەناو بازنەیەکدا، حبری مۆرەکەش تایبەتەو بە هیچ شێوەیەك ناسڕێتەوە.

 

دەنگی سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن لە ڕێی مانگێكی دەستكردی تایبەتەوە كە كۆمپانیایەكی كۆری دابینیكردووە دەگواسترێنەوە بۆ بەغداد، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمسیۆن ڕێگایەكی دیكە دەگرێتەبەر بۆ دڵنیایی زیاتر لە پاكیی پڕۆسەكە.

 

ڕزگار حەمە محێدین دەربارەی ئەو ڕێگایەی دیكە، وتی"لەسەر سندوقەكە شوێنێكی تایبەتی هەیەو فلاش میمۆرییەكی زۆر تایبەت بەكاردەهێنین، ئەو فلاشە دەتوانێت تەنها زانیارییەكان لە سندوقەكە وەربگرێت، واتە سكانی سەرجەم وەرەقەكانی دەنگدان‌و ئەنجامەكان وەردەگرێت، شەوی هەڵبژاردنەكە ئێمە لە ڕێگای فڕۆكەوە لە هەموو پارێزگاكان سەرجەم فلاشەكان كۆدەكەینەوەو لە سێرڤەرێك بەجیا دایان دەنێین، ئەوەی كە لە ئاسمانەوە بە مانگی دەستكرد هاتووە لە سێرڤەرێكی دیكەیەو ئەوكات بەراوردێك دەكەین لەنێوان هەردووكیان بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو بدەین كە ئەوەی لە ئاسمان هاتووە لەگەڵ ئەوەی لە فلاشەكان كۆمانكردووەتەوە وەكو یەكن."

 

سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن شوێنی ئەو فلاش میمۆرییەیان هەیەو كۆمسیۆن گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە بۆ هێنانی ئەو فلاشە تایبەتانە بۆ هەموو وێستگەو بنكەكانی دەنگدان، "لای بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەكە دەبێت، كۆتایی دەنگدانەكە جگە لەوەی بە مانگی دەستكرد ئەنجامەكان دەنێرێت لە ڕێگەی ئەو فلاشەشەوە وەریدەگرین‌و فلاشەكان كۆدەكەینەوە."

 

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەربارەی كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دوای كۆكردنەوەو بەراورد كردنی سەرجەم داتاكان، وتی"ئێمە لە 46 بۆ 48 كاتژمێر ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەیەنین."

 

بەوتەی ڕزگار حەمە محێدین، ئەم هەڵبژاردنە لە سەدا سەد جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، وتی"بەكارهێنانی ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنییە كە سندوقەكەیە ڕێگریی تەواو دەكات لە دەنگدانی دووبارەو لە خستنەناو سندوقی وەرەقەی دەنگدان بە ڕێژەی زۆرو لەهەر وەرەقەیەك كە بەبێ ئامێری وردبینی بێت، هەر وەرەقەیەكی دەنگدان باركۆدێكی لەسەرە، ئەگەر وەرەقەیەك ئەو باركۆدەی لەسەر نەبێت ئامێرەكە ڕاستەوخۆ ئەو وەرەقەیە باتڵ دەكات، واتا ڕێگریی تەواو دەكات لە ساختەكاری."

 

لە پڕۆسەكەدا سێ هەنگاو هەن بۆ ڕێگریی لە دەنگدانی دووبارەو ساختەكاریی، ئەوانیش؛ ئامێری وردبینی، باركۆدی سەر وەرەقەی دەنگدانەكەو وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەرە.

 

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، وتیشی"هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدات، وەرقە وەردەگرێ‌و پەنجەمۆر دەكات‌و دواتر دەنگ دەدات. بەكارهێنانی مۆبایلیش قەدەغەیە لەناو ناوەندو وێستگەكانی دەنگدان."

 

لە 10ی مانگی داهاتوو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ڕێوەدەچێت‌و هێزە ئەمنییەكان لەو ڕۆژەدا دەنگ دەدەن، بەڵام وەك ڕزگار حەمە محێدین وتی، پێناچێت كۆمسیۆن ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بڵاوبكاتەوەو چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەكات كە 12ی مانگ دەبێت.

 

لە هەرێمی كوردستان 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق(لە كۆی 329 كورسی) كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.

 

هاوكات حزبە كوردییەكان لە ناوچە دابڕاوەكانیش بەشدارن لە پڕۆسەكە، تەنها لە كەركوك پارتی بایكۆتی كردووەو حزبەكانی دیكە بە چەند لیستێك‌و یەك هاوپەیمانێتی بەشدارن.